چالاکیەکانمان

ئێمە گەنجی خاوەن داهاتوو بنیاد دەنێین

چالاکیەکانمان جۆراوجۆر و هەمە چەشنن

سەرجەم چالاکییەکانی ڕێکخراوی ڕادۆز لە چەند ئامانجێکدا کۆدەبێتەوە کە پێکدێن لە خزمەتکردن بە گەنج و کوردستان، هۆشیاری و برەودان بە تواناکان

SPACE

یەكێكه له گەورەترین پڕۆگرام و ئیڤێنتەکان له کوردستان کە لایەن ڕێکخراوی ڕادۆزەوه ئەنجام دەدرێت، ساڵانه دوای تێڕوانین و به دواداچوون بۆ گرفتەکانی کۆمەڵگا و گەنجان لەسەر یەکێک له گرنگترین گرفت و پرسەکان ئیڤێنتەکە ڕێک دەخرێت، وە ناونیشانی سپەیس بۆ ئەم چالاکییه دیاری کراوه که به واتایی بۆشای دێت و پێمان وایه گرفت و کێشەکانی گەنجان و کۆمەڵگا بۆشاییەکن که دەبێت پڕبکرێنەوە

RAZ

کەمپینی خێرخوازی ڕاز، چالاکیەکی خێرخوازییە کە لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا ئەنجامدەدرێت، ڕادۆز وەک ئەرکێکی دینی و ئەخلاقی هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی کەمپینەکە کە ئامانج لێی کۆکردنەوەی هاوکاری هەمەچەشنە و دابەشکردنیانە بەسەر خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان، هاوکارییەکان سندوقی خۆراکی، پارە، چارەسەری نەخۆش و دەرمان، جل و بەرگ و خواردنی گەرمی بەربانگ لەخۆدەگرێت.
بە خۆشحاڵییەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٦ توانیمان هاوکارییەکانمان بگەیەنین بە دەستی زیاتر لە ٧.٥٠٠ کەس

DEBATE CORNER

دیبەیت کۆرنەر چالاکییەکی تری ڕێکخراوی ڕادۆزە بۆ کۆکردنەوەی گەنجانی لێهاتوو لەگەڵ کەسایەتییە بەئەزموون و پسپۆڕەکانی بوارە جیاوازەکان. ئامانجمان ڕەخساندنی دەرفەتێکی ڕاستەوخۆیە بۆ گەنجان تا بتوانن پرسیارەکان دەرببڕن و لە نزیکەوە سوود لە ئەزموونی کەسایەتییەکان وەربگرن, ئەم چالاکییە بە شێوەی هەفتانە بەڕێوەدەچێت و بۆ هەر دانیشتنێک تەنها ٢٥ گەنج وەردەگیرێن؛ ئەمەش لە پێناو پاراستنی کوالێتی گفتوگۆکە و ڕەخساندنی هەلی یەکسان بۆ هەموو بەشداربووان تا بە قووڵی تێبگەن و بەشداربن لە گۆڕینەوەی زانیارییەکاندا

پڕۆژەی نووا: چاندنی بەرپرسیاریەتی لە دڵی نەوەی نوێدا

ڕێکخراوی ڕادۆز لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە، نەمامی پێشکەش بە قوتابیانی پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی کرد تا بۆ ماوەیەک لە ماڵەکانیاندا خزمەتی بکەن و لە نزیکەوە ئاشنای چەمکی بەرپرسیاریەتی ببن، پاشان لە "ڕۆژی چاندن"دا، پێکەوە لەگەڵ قوتابییەکان نەمامەکانمان لە حەرەمی زانکۆی سلێمانی گەیاندە خاک، تا ببێتە یادگارییەکی هەمیشەیی و ژینگەیەکی سەوزتر بۆ داهاتووی شارەکەمان.
ئێمە بە سەرکەوتوویی یەکەمین وێستگەی "پڕۆژەی نووا"مان جێبەجێ کرد، بەڵام کارەکانمان لێرە نەوەستاوە. ئامانجمان لە ڕێکخراوی ڕادۆز گەیشتنە بە ٢٠ قوتابخانە و پتر لە ٢٠٠٠ قوتابی، تا لە ڕێگەی فێربوونی کاری بەکۆمەڵ و پاراستنی سروشت، نەوەیەک پێبگەیەنین کە ببێتە پاسەوانی ڕاستەقینەی ژینگەی نیشتمان

وۆرکشۆپی هەنگاوەکانی زانکۆ

لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن و کردنەوەی دەرگای زانکۆکان، ڕێکخراوی ڕادۆز وۆرکشۆپی تایبەتی "هەنگاوەکانی زانکۆ"ی ڕاگەیاند. ئەم پڕۆژەیە تایبەت دیزاین کرابوو بۆ ئەو قوتابیانەی ئەمساڵ یەکەم ساڵی تەمەنی زانکۆیانە، تا وەک بەرچاوڕوونییەک یارمەتیدەریان بێت لە تێگەیشتن لە ژینگەی نوێی خوێندن و جیاوازییەکانی زانکۆ لەگەڵ قۆناغەکانی پێشوو

پڕۆژی ژینگەی پاک

دەستپێشخەرییەکی مەیدانیی ڕادۆز بۆ چاندنی تۆوی ژینگەدۆستی لە دڵی نەوەی نوێدا، بە بەشدارییەکی چالاکانە لەگەڵ خوێندکاران، باخچەی قوتابخانەکان و پارکە گشتییەکانمان پاککردەوە. ئامانجی ئێمە تەنها پاککردنەوە نەبوو، بەڵکو فێرکردنی بەرپرسیارێتی و پاراستنی ژینگە بوو وەک بەشێک لە تەندروستیی گشتی

هۆشیاری تەندروستی

پڕۆژەیەکی مەیدانیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە، بە بەشداری تیمێک کە لە ١٠ خوێندکاری بەشە پزیشکییەکان پێکهاتبوو، ڕاستەوخۆ لەناو خەڵکدا هۆشیارییمان دەربارەی مەترسییەکانی شێرپەنجە و ڕێگاکانی خۆپاراستن بڵاوکردەوە، ئێمە باوەڕمان وایە زانیاریی دروست، یەکەم هەنگاوە بۆ ڕزگارکردنی ژیان

کەمپەینی ڕاڵۆژیا

پڕۆژەیەکی ستراتیژیی شەش مانگییبوو بۆ پڕکردنەوەی کەلێنە تەکنەلۆژییەکان، ئێمە هەوڵی پڕچەککردنی گەنجانماندا بە زانیارییەکانی سەردەم، لە ژیریی دەستکردەوە تاوەکو پێشکەوتووترین سیستەمە دیجیتاڵییەکان، بۆ ئەوەی نەوەیەک بونیاد بنێین کە نەک تەنها بەکارهێنەر، بەڵکو شارەزای جیهانی تەکنەلۆژیا بن و بتوانن سودیان لێوەربگرن لە ژیانی ڕۆژانەدا.

کرتە لەسەر بەشەکانی خوارەوە بکە